پێوەندییە گشتییەکانی جهماعهتی دهعوهت و ئیسلاح بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و هێرشەکانی سوپای تورکیایان بۆ سەر کوردەکانی سوریا شەرمەزار کرد.
دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە:
ئەوەی لە غیابی حکومەتێکی خۆجێی و دەسەڵاتی نیشتمانی و نەبوونی میدیاکان بەسەر کوردەکانی سوریادا دێت، زۆر ترسناک و دڵتەزێنە. ئاوارەکردنی خەڵکی بێتاوان، چارەنووسێکی دڵتەزێنی هەیە؛ بەتایبەت لە دۆخێکدا کە سەرنجی میدیای گشتیی جیهان لەسەر شەڕی غەززە چڕ بووەتەوە، هێرشە وێرانکەرەکانی ئاسمانی و تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا ئاسایش و ئارامی خەڵک و زێدی باوباپیران و خاکی مێژوویی وڵاتی دایکیانی ڕووبەڕووی كێشه و گرفتی جددی كردۆتهوه.
جەماعەتی دهعوهت و ئیسلاح هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکانی سوریا و فراوانکردنی شەڕ و ململانێکان بۆ ناوچەكانی نیشتەجێیی خهڵكی، دژی بەها مرۆیی و ئایینی و ئەخلاقییەکان دەزانێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە:
١- چەوساندنەوە و هەڵاواردنی کورد لە چەند دەیەی ڕابردوودا لەلایەن حکومەتە جیاوازەکانی تورکیا، پێشێلکردنی ئاشکرای پێوەرە نێودەوڵەتی و ئایینی و ئەخلاقییەکانە.
٢- درێژەدان بە هەڵەی ستراتێژیی حاکمە نوێیەکانی تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا ههمبهر ڕووبهڕووبوونهوهی سهربازی و هەوڵدان بۆ سڕینهوهی کورد لە جوگرافیای ناوچەکە، بووهته هۆی گرژیی لە پەیوەندییە نەتەوەییەکانی نێوان هاونیشتیمانیانی کورد و تورك له خاکێکی یەکگرتوودا كه جگە لە خوێنڕشتن و وێرانکردنی ژیان و ماڵ و موڵکی خهڵك دهسكهوتێكی تری نهبووه.
٣- پێویستە بگوترێ، نابێ چاوپۆشی لە هەڵە ستراتێژییەکانی لایەنە کوردهکان و بەتایبەت لایەنە چەکدار و ئۆپۆزسیۆنەکان بکرێت کە هەندێک جار خۆیان هۆکاری گرژی و پەرەسەندنی ململانێکان بوون. توندڕەویی هەردوو لایەنی بەشداربوو فاکتەری سەرەکی و کاریگەر بووە لە درێژەی ئەم شەڕ و گرژییەدا و خەڵکی تورکیا بە تایبەت کوردەکانی تورکیا و سوریا باجی قورسیان بۆ داوە.
٤- هاتنهپێشی ڕێكخراوهی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامودەزگا نێودەوڵەتییەکانی دیکە و یەکیهتییە ناوچەییەکان بهمهبهستی ڕاگرتنی ئەو کارە شەڕانگێزانەی حکومەتی تورکیا لەدژی ناوچە کوردستانییەکان پێویسته؛ چونکە بەردەوامی ئەم هێرشانە دەرەنجامی مەترسیدار و کارەساتباری دیکەی لێ دەکەوێتەوە کە چیتر ناوچەکە بەرگەی ناگرێت.
هیوادارین بە نوێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و کوردهكان و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان، ئاشتهوایی سەقامگیر و ژیرانە دابین بێت و ڕێگە له هەلپەرستانی شەڕخواز بگیرێت. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگێکی تری ئاشتی و ئاشتەوایی وەربگرێتهوه.
پێوەندییە گشتییەکانی جەماعەتی دەعوت و ئیسلاح
٣ی خهزهڵوهری ١٤٠٢ی کۆچی ههتاوی
بۆچوونهکان